سۆران عومەر: دەروازە سنوورییەكان سەرچاوەی گەورەی گەندەڵیی و قاچاخین

ئەندامێكی پەرلەمانی عێرق لە ئەنجامی بەدواداچونێكیدا بۆی دەركەوتووە، دەروازە سنووریەکانی هەرێم سەرچاوەیەکی گەورەی گەندەڵی و قاچاخیین و داهاتەکەشی ناشەفافە و دەشڵێت: ٢٠ دەروازی سنووری لەهەرێم هەیە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم بەناڕەسمی ناساندویانە.

سۆران عومه‌ر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: لەئەنجامی بەدواداچون بۆ دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەیەکی قاچاخ و گەندەڵییە و داهاتەکەی ناشەفافە، دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات دەروازە سنووریەکانی هەرێم لەژێر هیچ چاودێری و کۆنترۆڵێکی عێراقدا نین و پابەندی بڕیاری ژمارە (١٣ی ساڵی ٢٠١٩)ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ نابن.

دەشڵێت: لە ڕێکەوتنی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر کۆمەڵێک ڕاسپاردە ڕێکەوتون، کە پێویستە حکومەتی هەرێم واژۆیان لەسەر بکات، بەڵام تاوه‌كو ئێستا ئیرادەیەکی جددی نییە بۆ پابەندی هەرێمی كوردستان لەسەر دەروازە سنووریەکان.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: نوسراوی ژمارە ٤٠٤٦ لە نۆی ئەم مانگەدا حكومه‌تی عێراق ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی سنووری بەفەرمی ناسێنراوی لەلایەن عێراقەوە هەیە، کە بریتین لە “ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان” لەگەڵ هەردو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی.

بە وتەی سۆران عومه‌ر، شەش دەروازەی دیکەی سنوری هەیە لەلایەن عێراقەوە بەرەسمی نەناسێنراون، تەنها لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ناسێنراون، لەئێستادا لە دیراسەدایە لەلایەن عێراقەوە تاکو بەڕەسمی بناسێنرێن و وتی: لەو شەش دەروازەیه‌، دو دەروازەیان لە سنوری دهۆکن، بەناوەکانی “سەرزێری و سێماڵکا”، چوار دەروازەی دیکەیان لە سنوری سلێمانیدان بەناوی “کێلێ، سەیران بەن، تەوێڵە، پشتە”، جگە لەوە ٢٠ دەروازەی دیکە لە هەرێمی كوردستان هەیە جگە لە حکومەتی عێراقی، لەلایەن حکومەتی هەرێمیشەوە بەفەرمی نەناسێنراوە.

س.س

Comments are closed.